لە سەرەتای ئەو چاوپێکەوتنه که سێ کاتژمێری خایاند، جەماڵ ئیسماعیلی بەرپرسی لیژنەی کارگێڕیی ناوەندیی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح، ئامانج لە کۆبوونەوەی ئەو تاقمە لە کەسایەتییەکانی ئەهلی سوننەتی وەک هاودەردی لەگەڵ خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستین و ناڕەزایەتی لە جنایەتەکانی ڕژێمی زایۆنیزم ڕاگەیاند و وتی: شەڕی غەززە نموونەی ڕووبەڕووبوونەوەی حەق و ناحەقە و پشتیوانی لە لایەنی حەق، ئەرکی هەر مرۆڤێكی سەربەسته.
بەرپرسی لێژنەی کارگێڕیی ناوەندیی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح لە کۆتاییدا وێڕای دەربڕینی هاوخەمی خۆی بۆ ڕووداوە نەخوازراوەکانی غەززە و پیرۆزبایی هەمبەر ئازایەتی و بوێریی خەباتگێڕانی فەلەستینی، بۆ شەهیدانی ئەو شەڕە نایەکسانه لە خوای گەورە داوای بەرزی پلەی بەهەشت و بۆ برینداران داوای شیفا و چاکبوونەوەی بەپەلەی کرد.
لە درێژەدا ئامادەبووان، وێڕای هاودەردی و هاودڵی لەگەڵ خەڵکی غەززە، ڕا و بۆچوونەکانی خۆیان ئاراستە کرد و دکتۆر خالید قدوومی نوێنەری حەماس لە تاران لە وتارێکی چڕوپڕدا دۆخی فەلەستین و شەڕی غەززەی شی کردەوە و وەڵامی پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە.
لەو دانیشتنەدا لە چینەکانی جۆراوجۆری وەک دکتۆر جەلال جەلالی زادە، دکتۆر ڕەئووف قادری، ئەندازیار حاسڵ داسه، دکتۆر ناسر قولی سارلی، دکتۆر سەید ئەحمەد هاشمی، سەلاحەددین عەبباسی، عوسمان عەبباسی، موحەممەد ئەنوەر ئەمیری و چەند کەسی تر لە کەسایەتی ناوچەکان ئامادە بوون.